//geonas.at.ua/

جوگرافیناس

شه‌ممه‌, 2024-04-20, 6:31 AM
به‌خێر هاتی میوان | RSS
لیستی پێگه‌

پێشبینی كه‌ش‌



  • ده‌سته‌ی به‌ش
    وتاری جوگرافی [10]

    ژمێریار

    ئاماده‌بوان: 1
    میوانان: 1
    ئه‌ندامان: 0

    شێوازی چونه‌ژوور

    سه‌ره‌كی » وتاره‌كان » وتاری جوگرافی

    لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ژینگە و ئاسایشى جیهان / ئا: سەمیر حوسێن

    دەستپێک:

    سەدەى بیستەم، بەتایبەتى نیوەى دووەمى ئەو سەدەیە پڕبوو لەگۆڕانى خێراى بێ ئەزمون لە ژینگەى جیهاندا.
    کاریگەرى مرۆڤ لەسەر سروشت و دەوروبەرى گەیشتوتە ڕادەیەک بۆتە جێگەى سەرسوڕمان، واى لێهاتوە لەم دنیایەدا شوێنێک بوونى نەماوە تاڕادەیەک گۆڕانى بەسەردا نەهاتبێت . بۆتە جێگای گرنگى و باسى لێکۆلەرەوان. لە کاتێکدا ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییانە بەهۆى چالاکییەکانى مرۆڤەوەیە.
    هەرچەندە ئەمە لەمێژە دەستى پێکردوە، بەڵام هیچ کاتێک بەئەندازەى ئەم چەند ساڵەى رابردوو نەبۆتە جێگەى مەترسى.
    لە کاتێک پێشتر کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى، بەهیچ شێوەیەک بەئەندازەى ئەم ماوەیە تووشى خراپ بینى و سەرسوڕمان نەبووە بەهۆى ئەو وێرانیانەى، کە ئەمرۆ بەسەر ژینگەدا دەیهێنێت، سەرەڕاى ئەو پێشکەوتن و تواناى و بیرو عەقڵى مرۆڤ.
    کە چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرا رۆژ بە رۆژ زیاترو باشتر بگۆڕێت بۆ هێزێک کە بتوانێت پارێزگارى لەپێوەرە باشەکانى ژینگە بکات و گرنگى بە سروشت بدات. بەڵام بەپیچەوانەوە وا دەکەوێتە بەرچاو، کە مرۆڤ رۆژ بە رۆژ لەگەڵ ئەوەدا کە دەبێتە هێزێکى بەتوانا، کەچى زیاتر دەبێتە هۆى تێکچوونى ژیانى خۆى و دەێتە هۆى تێکدانى جیهان.
    ئەم دەسکەوتە گومان لێنەکراوانەى ئەمرۆ هەیە، ناتوانریت نکوڵیان لێبکرێت، کە بە بەردەوام بەرەو پێشکەوتن دەڕوات.
    بۆیە ئەمڕۆ دنیا لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە پاریزگارى و ئاگادارییە لە کاتێکدا ئەم زەویە بەشێوەیەکى ترسناک لەحاڵەتى لەناوچونەدایە. و لە هەمووکات ئەمرۆ زیاتر مەسەلەکان و کێشەکان تەسک بوونەتەوە.
    ئەمڕۆ ژینگەپارێزى وەکو بابەتێکى هەرێمى یان وڵاتى یان ناوچەیەکى دیارى کراو سەیرناکرێت، بەڵکو وەکو مەسەلەیەکى سنووربڕ و جیهانى قسەى لەسەردەکرێت. ئەمرۆ لەجیهاندا هەر کێشەیەکى ژینگەیى بێت بچووک بێت یان گەورە لەهەر سوچێکى ئەم دنیایەدابێت بەهەر شێوازو قەبارەیەک بێت دەبێتە باس و جێگاى لیًَکۆلەرەوان لە هەموو دنیادا.
    لەم باسەدا هەوڵدراوە جەخت لەسەر ئەوبابەتانە بکریتەوە کە پەیوەندى بەو شتانەوە هەیە کە کاریگەریان هەیە لە سەر مەسەلە ژینگەییەکان. وەکو جیۆپۆلەتیک، ئابوورى و هەژارى، کۆمەڵێک بابەتى دیکە. هیوادارم بەم لێکۆڵینەوە کەمە بتوانم بەشێک لەو گرفتە ژینگەییانە بخەمەڕوو، کە ئەمڕۆ بونەتە کێشەیەکى جیهانى. بەو هیوایەى کە ئێمەش لە کوردستاندا بتوانین وەکو هەموو وڵاتانى جیهان گرنگى بە ژینگە بدەین.

    جیۆپۆلەتیک:
    جیۆپۆلەتیک تۆێژینەوەو کێشمەکێشى جیهانییە لە دیدى جوگرافیاوە، لەسەر بنەماى ئەم پێناسەیە، پێگە و شوێنى ماددە و چۆنیەتى دابەشبوونى سەرچاوە سروشتییەکان و مرۆییەکان. ڕۆڵ و کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر پەیوەندییە جیهانییەکان هەیە.
    جوگرافیا دەکرێت بە دووبەشى سەرەکییەوە: 1- جوگرافیاى سروشتى،
    2- جوگرافیاى مرۆیى. جوگرفیاى سروشتى پێگە و دابەشبوونەکان و لایەنە جیاوازەکانى سیستەمە سروشتییەکانى زەوى دەگرێتەوە وەکو: ئاوهەوا، دارو درەخت و گژوگیاى ناوچە جیاوازەکان و هەرێمەکان و هۆکارى چالاکى پەیدابوونى زەویناسى و پەیوەندییە فیزیاوییەکانى نێوانیان.
    جوگرافیاى مرۆیى: پەیوەندى نێًوان کۆمەڵگەى مرۆیى و کەلتوورو شارستانییەکان و چالاکییەکانى مرۆڤ دەگرێتەوە. جیۆپۆلەتیک وەک لقێک لە گرنگى جوگرافیاى مرۆیى سەیردەکرێت.
    جیۆپۆلۆتیک ناسێک گرنگى بە ناسینى کۆمەڵگە و ئابوورى و سیاسى فەرهەنگى و هەروەها لایەنەکانى ژینگە وەکو لایەنى چالاکییەکانى مرۆیی لە شوێنە جیاوازەکانى جیهان دەدا. ئەو هەموو شتانە لە شیکارى لێکۆڵینەوەکانى خۆیدا سوودیان لیێوەردەگرێت.
    ئەمڕۆ بەشێکى بەرچاو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەهۆى تواناى ژیگەییەوە پەیدا دەبێت.
    ئەگەر ئەوە بزانیان، کە سوود وەرگرتنى زیاترى رۆژانە لەسەرچاوە سروشتییەکان.
    ئەو وێرانییەى زەوى، کە بەهۆى ئەو دەرهێنانى سەرچاوانەوە ڕوودەدەن کۆمەڵێک روداو دێنێتە ئاراوە، کە کاریگەرییەکانى ئەو وێرانەیە زۆر بەکەمى لەناو چوارچێوەى وڵاتێک دادەمێنەوە. ئەوکاتە بەئاشکرا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە بابەتەکانى ژینگەى دەتوانرێت زۆر بە روونى لەناو بابەتەکانى جیۆپۆلەتیکدا لێیان بکۆڵدرێتەوە.
    بەڵام ژینگە چییە؟ لەسەر بنەمای پێناسەیەکى سادە ژینگە بریتیە لە: هەموو سەرچاوە زیندوو یان نازیندووە سروشتییەکان، کە لەگەل مرۆڤدا رۆڵ دەگیڕَن هەموو ئەوانە پێکەوە پەیوندیەکى بەهێزیان هەیە. زانایان لە سەدەى هەژدەدا وشەى( ژیانى زەوى) یان بۆ ناساندنى ژینگەى زەوى و پەیوەندییە ئۆرگانییەکان و سەرچاوە بێ گیانەکانیان بەکاردەهێنا. بەمانایەکى تر هەموو ئەو کارلێکەرە ئۆرگانیانەى کە زەوى دەیکات کۆى ئەو بەرهەمە سروشتیانەى، کە زەوى بەرهەمى دەهێناو کاریگەرى و کارلێکردنیان لەسەر یەکترى هەبوو ئەوە ژینگەیە.
    ئەگەر سەیر بکەین ئەمڕۆ داخستنى سنوورەکان بەشێوەیەکى سیستماتیک بۆ گیاندارەکان یان بۆ مەسەلە ژینگەییەکان شتێکى زۆر سەخت و دژوار و مەحاڵە، بۆ نمونە ئەو باڵندە کۆچەرانەى کە، لەناوچە ساردەکاندا وەکو سیبریا لە وەرزە ساردەکاندا بەرەو ناوچە گەرمەکان کۆچ دەکەن و پاشان دەگەڕێنەوە یان ئەو قازە کێویانەى، کە لەسەردەمى شەڕى ساردا لە نێوان ئەمریکا و یەکێتى سۆڤیەتى جاراندا بەهۆى ململانێکانى ئەم دوو وڵاتەوە لە زۆربەى ناوچەکاندا بەناچارى کۆچیان کرد لەسەر ئەم بنەماى دیدگاى ژینگە لەناو باسى جیۆپۆلەتیکدا پەیوەستە بە ململانێ نێو دەوڵەتییەکان و پەیەندییە جیهانییەکانەوە، بۆیە ئەم کێشەیە بەتەواوى کاریگەرى کردۆەتە سەر هەموو جیهان یان بەشێک لە وڵاتانى هاوسنور.
    سەرچاوە سروشتییە گۆڕاوەکان یان بەمانایەکى دیکە سەرچاوە دانەمەزراوەکان بەهۆى روبەرووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە جۆربەجۆرەکان بۆ تێپەربون لە سنورەکانى وڵاتان، یەکێکن لە بابەتە بنەڕەتییەکانى ململانێی جیۆپۆلەتیکییەکان. وەکو گەنجینەکانى ماسى، مۆڵگە نەوتییە هاوبەشەکان، ئاوى سنوور دەریاکان، گیاندارە کێوییەکان، ئەوانەى کە پەیوەستن بەو سەرچاوانەوە، کە هەوڵ دەدرێت زیاتر سوودیان لێوەربگیرَت، لە دەوڵەتانى نزیک لەیەکەوە لە زۆربەى وڵاتانى جیهاندا ئەمە بۆتە هۆى گرفتى سیاسى و تەنانەت بۆتە هۆى شەڕیش لەنێوان ولاتاندا.
    ئایا بە تەواوى دەوڵەتەکان دەتوانن لەناو سنورەکانى خۆیاندا بە ئازادانە سوود لە هەموو سەرچاوە سروشتییەکان وەرگرن؟ وەڵامى بەڵى بۆ ئەم پرسیارە و بۆ زۆرێک لە سەرچاوە پێویستییەکانى ژیان و گیاندارە کێوییەکان و جەنگەڵەکان و سەرچاوەکانى یۆرانیۆم و سەرچاوەى ئاوى و تەنانەت هەواش بۆتە جێگەى نیگەرانى باس و لێکۆڵینەوە بەتەواوى ڕوبەڕووى کێشە و گرفت دەبێتەوە.
    واتاى بەکارهێنانى سوودى سەرچاوەى سروشتى لەجیپۆلەتیکدا:
    ئەمڕۆ دەوڵەتانى پیشەسازى و رۆژئاوا بە بەکارهێنەرى زۆربەى سەرچاوە سروشتییەکانى جیهان دادەنرێن، بەڵام لەساڵەکانى ئایندەدا دەوڵەتانى تازە پێگەیشتوو بەهۆى زۆربوونى دانیشتوان و پێگەیشتنیان لە بوارى پیشەسازى و ئابوورى بەهۆى زیاتر بەکارهێنان سوود وەرگرتن لە کەرەستەکان رۆلێکى کاریگەریان دەبێت .
    ئەمەش رۆژ بەرۆژ زەوى سەرچاوە سروشتییەکانى خۆى لەدەست دەدات و بەرەو کەمبوونەوە دەچن.
    سەرچاوە سروشتییەکان لەخۆوە دەگمەنن، واتە لەشوێنەکاندا بەکەمى بەرچاو دەکەون، لەبەرئەوە لە بوارى پەرەى ئابوورى و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکان، ململانێى جیۆپۆلەتیکى دێنێتە ئاراوە، تەنانەت شەڕ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان بەتوندى پەرەدەسێنێت و هەمیشە لایەنى براوە ئەوە دەبێت، کە زۆرترین سەرچاوەى سروشتى هەبێت یان بەدەستى بهێنێت بۆ نمونە، فراوانبوونى خێراى داگیرکردنى بەریتانیا لەڕاستیدا پێش دەست پێکردنى شۆرشى ئەوورپادا گەڕان بوو بەشوێن ئەو سەرچاوە کەمانە، کە پێویست بوون بۆ پەرەپێدانى پیشەسازى لەو وڵاتەدا.

    سەرچاوە سروشتییەکان دەکرێن بەدوو بەشەوە:
    1 -سەرچاوە نوێکەرەوەکان یان تەواو نەبووەکان: کە بەهۆى بەکارهێنانیان بەشێوەیەکى ژیرانە دەتوانریت لە چوارچێوەیەکى دیاریکراودا بەشێوەیەکى بەردەام سوودیان لێوەربگیرَت وەکو ماسى و ئاژەڵە کێوییەکان و جەنگەڵەکان و ئاوە شیرینەکان و ئاووهەوا.
    2- سەرچاوە دووبارەنەبووەکان : کە لە سەرچاوە دیاریکراوە تەواوبووکان پێک دێت لەکاتى دیارى کراودا تەواو دەبن، وەکو کانە خەڵوزە بەردینەکان، کەرەستە مەعەدەنییەکان.
    بەهەمان شێوە کە لەخاڵى یەکەمدا سەرچاوە نوێبووەکاندا باس کرا هۆکارى مانەوەیان بەندە بەشێوازى باشى بەکارهێنانیان و بەشێوەى یاسایى و راستى بۆ مانەوەى، ئەو سەرچاوانە بەبێ چاودێرى و بەکارنەهێنانیان بەشێوازێکى یاسایی و زانستى، ئەوا ئەو سەرچاوانەش دەبەنە هۆى نەمان و لەناوچوون و کۆتاى هێنانیان.
    کاتێ کە هەوا و خاک بەشێوازێکى هەڵە یان خراپ بەکارهێنران و خاڵى بوونەوە لە پاکى و کەرەسە ئۆرگانیەکانیان، ئیدى ئەوکاتە دەچنە ناو کۆمەڵەى سەرچاوە سروشتییە دووبارەنەبووەکانەوە، لێکۆڵینەوەکانى ژینگەپارێزى جیهانى کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتوەکان دەری خستوە بەهۆى خراپى بەکارهێنانى زەوى زارو بەکارنەهێنانى بەشێوازێکى زانستى لەساڵى(1993 تاک و1995)نزیکەى (( 89 ))ملیۆن هیکتار لە خاکى گۆى زەوى خراپ بووە، کە ئیدى جاریکى دیکە تواناى زیندووبوونەوە و بەکارهێنانى نییە، سەرچاوەکانى ئاوى خواردنەوە ئەوەندە کەم بوونەتەوە، کە لەئایندەیەکى نزیکدا نزیکەى((80 ))وڵاتى جیهان رووبەرووى گرفتى کەم ئاوى دەبنەوە. وەکو رێگایەکیش بۆ چارەسەرى ئەوکێشەیە لە راپۆرتەکە هاتووە ئەو کاتانەیە کە وڵاتانى هاوسنوور دادەنیشن لەسەر گرفتەکانى ئاو جەنگەڵ و ماسى و ئاژەڵە کێوییەکان دەتوانن بەهۆى وتووێژو لێک تیگەیشتنەوە چارەسەرى کێشەکان بکەن. هەروەها دەتوانن رێگەی لەناوچوونى ئەو ئەوسەرچاوانە بگرن. هەروەها بەگشتى ئەمڕۆ وڵاتانى پێگیشتوو دەتوانن چارەسەرى زانستى مەسەلەکان بکەن، بەلام وڵاتانى دواکەوتوو زیاتر گرفتەکە ئاڵۆز دەکەن.

    گرنگترین بابەتەکانى ژینگەى جیهانى، کە ئەمڕۆ بوونەتە باسى گرنگ.
    پێوەرە جیهانییەکان زیانەکانى ژینگە دەخەنەڕوو، کە جیاوازى نێوان وڵاتانى پێشکەوت و وڵاتانى تازە پێگەیشتوو توشى حاڵەتێکى ژینگەى جیهانى بوون، هەموو ئەو بابەتانەى کە لەم باسەدا دیارى دەکرێت گرفتى سنوربڕ یان کێشە گشتیەکانن. ئەم گرفتانە تەنیا بە وڵاتێک یان چەند وڵاتێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکو پێویستى بەهاوکارى جیهانى وڵاتانى نزیک لە کێشەکە هەیە بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە.

    گرنگترین ئەو گرفتانە:

    گەرمبوونى گۆى زەوى
    بەکارهێنانى سووتەمەنییە فلزییەکان کە دەبنە هۆى دروستبوونى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و گازەکانى دیکە، فراوانبوون و کەڵەکەبوونى ئەم گازانە زیاتر لەناو چوارچێوەى گۆى زەویدا دەبێتەى هۆى ئەوەى کە بەشێکى گەورەى چینەکانى زەوى داگیربکات وەکو پەردەیەکى پلاستیکى لە دەورى گۆى زەویدا، لەدوایدا ئەم پەردەیە ناهێڵێت تیشکەکانى خۆر بەئاسانى بگەنە سەرڕووى زەوى و پەخش و بڵاوببنەوە، بۆیە ئەوپەردەیە ئەوتیشکانە رادەگرێت و دەبێتە هۆى ئەوەى، کە ئەو گەرمایە لە ئاستێکى تاڕادیەک نزیک لە زەوى رادەگیرێت و هەوا گەرم بێت و پاشان راستەوخۆ کاردەکاتە سەر رادەى باران و گەرمى و شێوەى ئاووهەوا.
    لەئەنجامى دەرکەوتنى ئەم حاڵەتە ژینگەییە بە هەڵسەنگاندن و بۆچوونى زانایان پلەى گەرمى گۆى زەوى لەم سەدەیەدا لەنێوان((5،30 تاکو 8،0))پلەى سانتیگرام زیادى کردووە، ئەم رێژەیە وادەکات کە دەرئەنجامەکەى لەماوەیەکى کورتدا دەبێتە هۆى گۆڕانى ئاووهەواى خێرا لە چەند ناوچەیەکدا کە هەندێک لەو ناوچانە وشکەساڵى و گەرما کاریان تێدەکات، هەندێکى دیکەشیان لافاوو باوبۆران دەیانگرێتەوە. لەلایەکى تریشەوە زیاتر فراوانبوونى توانەوەى ناوچە بەستەڵەک و شاخە بەفرینەکان بەهۆى شەپۆلى گەرماوە دەبێتەهۆى بەرزبوونەوەى رێژەى ئاو لەو ناوچانەدا، بەهۆى ئەمەوە چەندین ناوچە دەکەوێتە ژێر ئاوە وە.
    لەساڵى(( 1992))لە دانیشتنەکاندا لەسەر کێشەکانى گەرم بوونى زەوى بۆ یەکەم جار لەبەرازیل لە(ریۆد جانیۆرى) زیاتر لە((150)) وڵات لەناو چوارچێوەى ئەودانیشتنەدا پرۆتۆکۆڵێکیان مۆرکرد و لەساڵى((1997))دا ئەو وڵاتانە گەیشتنە(160) وڵات لە یابان، بۆ رووبەڕووبوونەوەى کەمکردنەوەى ئەو گازانەى کە دەبنە هۆى گەرمبوونى زەوى.
    1- تەنگ بونى چینى ئۆزۆن :
    دووەمین ترس کە ئەمڕۆ ڕوویکردووەتە جیهان و ژینگە لە وڵاتانى دنیادا، زیان کەوتنە لە چینى ئۆزۆن، چینێکە بۆ پاریزگاریکردنى گۆى زەوى.
    چینى ئۆزۆن: ئەوچینەیە کە نزیکەى ((24))کم لەسەرووى رووى ئاستى ژیانى دنیاوەیە ئەو چینە تیشکەکانى سەرووى بنەوشەى خۆر دەگرێت و ناهێڵێت بێنە سەررووى زەوى لە کاتێکدا ئەو تیشکە دەبێتە هۆى لەناوچوونى گیاندارەکان. بەهۆى لێکۆڵینەوەى زانایان تێکەڵەى گازى(کلۆرو فلۆئور کرین) ( (C F C کە لە پشەسازى کورە ئەتۆمییەکان و کاریگەرى کارگە ئیسفنجییەکان، ئەو کارگانەى کە گازە ژەهراوییەکانیان هەیە ئەمانە هەموو کاریگەری زۆریان لەسەر تێکدانى زەوى و تەنگکردنەوەى چینى ئۆزۆن هەیە، تەنانەت بوونەتە هۆى باریک بوون و درزبوونى ئەو چینە.
    فراوانبوونى ئەو درزە لە کۆتایى ساڵەکانى(( 1985 )) بووە هۆى جێگەى نیگەرانى زۆربەى وڵاتانى جیهان، دەرئەنجام بووە هۆى ئەوەى چەندین پرۆتۆکۆل لەو بوارەدا لە نێوان وڵاتانى دنیادا مۆربکرێن بۆ کەمکردنەوەى ئەم گازانە و رێگرتن لەو کارەساتە وەکو کۆمیسیۆنى ڤینا ساڵى(( 1985)) پرۆتۆکۆلى مۆنترالى(( 1987)) و کۆنفراسى(( 1990)) لەندەن ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى کە هەوڵ بدەن بەکارهێنانى ئەو کارگە و سووتەمەنیانە کەم بکەنەوە دەبێتە هۆى باریکبوونەوەى ئەو پەردەیە.
    3- کەم بوونەوەى ئاوى شیرین:
    هەرچەندە سەرچاوەى ئاو و گەنجینەکانى لە دێر زەمانەوە سەرچاوەیەکى زۆر و شایەنى مانەوەبوون، بەڵام ڕاستییەکەى ئەوەیە، کە ئەم سەرچاوە و گەنجینانە لە ئاستى جیهانیدا بوونەتە جێگەى ترس و نیگەرانى زیاتر لە((40% ))ی وڵاتانى دنیا بەهۆى زۆرى دنیشتوان و فراوانبوونى کشتوکاڵى ئاودێرى، پیسبوونى سەرچاوە ئاوییەکانى ژێر زەوى، بەکارهێنانى رێژەیى زۆریى ئاو بۆ سوود وەرگرتن لێى بۆ پیشەسازییەکان. پێویستییەکان بۆ ئاو هەموو ساڵێک نزیکەى لە((3،1 % )) زۆردەبن. بانکى جیهانى بۆ دیاریکردنى چارەسەر بۆ نەهێشتنى ئەم کێشەیە تاکو پێش ساڵى(( 2005)) نزیکەى ((600 ))ملیارد دۆلار لە ئاستى جیهاندا تەرخانکرابوو بۆ ئاوى شیرین و رووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵى.
    دەسەڵات بەسەر سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانى ئەمڕۆى جیهان، بوونى ئاو وەکو سەرچاوەیەکى سروشتىء تیپەڕین و رۆیشتنى بەناو سنوورەکاندا بۆتە هۆى پێکهێنانى رێککەوتننامە و ئاڵۆزى نێوان وڵاتان. بۆنمونە: رووبارى راین لە ئەوروپا، رووبارەکانى ئامودریا و سیریدریا لە ناوەڕاستى ئاسیا رووبارەکانى گنگ سند لەئاسیاى باشوور و رۆژهەڵاتدا ئەمانە هەموو گرفتى گەورەیان دروستکردووە لە نێوان وڵاتانى هاوسنووردا یان رووبارى فورات، کە بەردەوام تورکیا وەکو چەکێک بەکارى دەهێنآ دژى دراوسێکانى.
    4-کەمبوونەوەى خاکى بەپیت یان نەمانى خاکى ئۆرگانى
    ڕووبەرى زەوى وشک نزیکەى(( 413)) ملیارد هیکتارە، ئەڵبەتە هەموو ئەو ئەندازەیە بۆ بەکارهێنان و سوود وەرگرتن ناشێت تەنیا(( 22%)) ئەو خاکە بۆ بەکارهێنانى کشتوکاڵ دەشێت، بەڵام باسەکە لێرەدایە، کە خاکى باش و بەپیت و بە بەرەکەت رۆژ بەڕۆژ لەجیهاندا بەرەو نابودى دەڕوات، دەرەئەنجامە زانستییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە (( 10% تاکو11 % )) خاکى دنیا بەرەو خراپبوون و بێکەڵک بوون دەڕوات جارێکى تر زیندووکردنەوەى مادە ئۆرگانییەکانى ئەو خاکە کارێکى ئەستەمە ڕێژەى خاکى((23 )) وڵاتانى تازە پێگەیشتوو ئاسیاو ئەفریقا بە تەواویى بەرەو خراپ بوون چووە. لەسەر بنەماى لێکۆلینەوە لە وێرانکردن و نابودکردنى جەنگەڵستانەکان، بەهۆى ئەو رەوشە کۆنەى کشتوکاڵ کردنى کۆن ئاودێرى نازانستى و بەکارهێنانى نازانستى مادە کیمیاوییەکان و لەوەڕاندنى بێ سەروبەرى مەڕو ماڵات و راماڵینى خاک هۆکارى بنەڕەتى نابودى خاکن لەو ناوچانەدا.
    5--پیسبوونى هەوا و بارانى ئەسیدى
    ئەمڕۆ بارانە ئەسیدییەکان یەکێکە لە گرفتەکانى پیسبوونى هەوا، گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و گۆگرد و ئۆکسیدى نایترۆجین دەرئەنجامى ئەو سووتەمەنیانەى، کە کارگە مەعەدەنییەکانن، کە کەڵەکەبوون لەگەڵ هەڵمى هەوادا تێکەڵ دەبن و پاشان مادەى((ئەسیدى و سۆلفریک و ئەسیدى ترشیک دروست دەکەن))پاشان تێکەڵ دەبێت لەگەڵ هەورەکاندا، لەکاتى باران باریندا ئەو بارانە دەبارێتە سەر زەوى ئەو مادەیە دەکەوێتە سەر ناوچە جەنگەڵییەکان و دەشتە فراوان و گژوگیاکان و تێکەڵ بە ئاوە پاکەکان و دەریاکان دەبێت بۆ نمونە (( 25%)) جەنگەڵەکانى ئەوروپا بەهۆى باران بارینى ئەسیدییەوە تووشى فەوتان و لەناوچوون بوونەتەوە، سەیر لەوەدایە، کە جوڵەى هەوا لەسەرووى چینە بەرزەکانى ئاسماندا بە شیوازێکە کە لەچەقى باکوورەوە دەست بەجوڵە دەکات.
    لەکۆتایدا دەتوانین ئەوە بڵێین، کە پیسبوونى ژینگە لەوڵاتانى باشووردا زیاترە وەک لە وڵاتانى باکوور بەهۆى ئاراستەى(( با))کەوە.
    6- کێشەى زباڵە ژەهراوییەکان:
    لە ئەنجامى چالاکییەکانى پیشەسازىدا ئەندازەیەکى زۆر لە زباڵەى ژەهراوى دروست دەبیت، کە زۆربەى لە کاتى شاردنەوەى دەبێتە هۆى گواستنەوەى ئەو پیسییە بۆ ژینگە. کانزا ژەهراوییەکان وەکو فافۆن و مس و جیوە...هتد، ئەوانە هەموو بۆ ژینگە و ژیانى گیاندارەکان هەموو بەزیانن، چالاکییەکانى وەک دۆزینەوەکان، دەرهێنانى کانزاکان، سەرەکیترین و سەرەتاترین هۆکارى دروست بوونى پاشەڕۆ کانزا ژەهراوییەکانن. کە بەداخەوە زۆربەى بە شێوەیەکى بێ بنەمای نایاسایی فڕێ دەدەرێن و دەشاردرێنەوە ئاڵوگۆر و گواستنەوەى مادە ژەهراوییە ترسناکەکان و شاردنەوەى ئەو مادانە بەشێوەیەکى خراپ یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکانى ژینگە لە ئەمڕۆى جیهاندا بەتایبەت بۆ وڵاتانى پێشکەوتوو، بۆیە دەبینین بەردەوام هەوڵدەدەن وڵاتانى دواکەوتوو بەکاربهێنن بۆ شاردنەوەى پاشماوەکان.
    7- بڕینى جەنگەڵەکان و لەناوبردنى دار و درەختە جۆراجۆرەکان
    درەختەکان بە بەشێک لە سەرچاوە نوێبوونەوەکان دادەنرین. بەڵام مرۆڤ بەدرێژاى مێژوو زۆرێک لە جەنگەڵەکان و درەختەکانیان تا بە شێوەیەکى بآ بەزیانە ئەوپەڕى تواناى دارە جۆربەجۆرەکان و جەنگەڵەکانیان بەرەو نابودى و لەناوچوون بردووە.
    زۆرێک لەجەنگەڵەکانى نیوە گۆى باکوورى زەوى تووشى لەناوچوون و خراپبوون هاتوون. هەرچەندە سەرچاوە درەختییەکان بەسەرچاوە گەڕۆکییەکان و تەواوبووەکان ناژمیردرێت، بەڵام خراپ بەکارهێنانیان و بەردەوام لەناوبردنیان بەخێرایی جەنگەڵستانەکان و درەختەکان دەتوانرێت گەلێک کاریگەر و جێکەوتى خراپى جیۆپۆلەتیکى بەشۆین خۆیدا بهێنێتەدى وەکو:
    1- نەمانى گژوگیاکان و دارو درەختە جەنگەڵییەکان، کە دەبێتە هۆى راماڵینى خێراى خاک ء پیسبوونى رووبار و سەرچاوە ئاوییەکان.
    2- دەبێتە هۆى زۆربوونى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و کەمبوونەوەى ئۆکسیجین و زیاتر گەرمبوونى زەوى.
    3- زیانێکى گەورە و ترسناک بەر هەمەچەشنى زیندەگى لە جیهان دەکەوێت.
    واتە کۆمەڵە جۆربەجۆرەکانى گژوگیا، گیاندارەکان میکرۆبەکان، هەموو مادە ئۆرگانییەکان و هەموو سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان، بێگومان دەتوانرێت بانگەشەى ئەوە بکرێت کە هەموو کێشەکانى ژینگەین ئەمڕۆ لە جیهاندا دەستى مرۆڤ و رۆڵى مرۆڤى تێدایە بەشیوەیەکى هەڕەشە بۆ جۆراوجۆرى زیندەوەرەکان دێتە هەژماردن لەئایندەدا، لە ماوەى سەد ساڵى رابردوودا بەهۆى لەناوبردنى(( 1622)) جۆر گژوگیا و گیاندار، کە زانایان و شارەزایان بەڵگەیان ئەوەیە، کە ساڵانە وەچەکانى گیاو گیانداران بەرەو نەمان دەچن و هێشتا زۆریشیان مرۆڤ دەرینەخستون.

    ژینگە و گۆڕانى جیهان:
    یاساى سروشتە کە دەبێتە هۆى پەیدابوونى کۆمەڵێک دیاردە بۆ نمونە بارینى زۆرى بارانە توندەکانى وەرزى لەو شوێنانەدا، کە گژوگیایەکى زۆرى لێبوەو بەهۆى بێ بەرنامەى مرۆڤەوە کە بەشێوەیەکى خراپ بەکاریهێناوە تووشى لەناوچوون بوون، ئەمەش دەبێتە هۆى پەیدابوونى لافاوى گەورە و لەناوچوونى بەشێکى باشى ئەو ناوچانە بەهۆى راماڵینەوە.
    لێکۆڵینەوەکان لەبارەى ترسناکى ژینگەوە ئەوە دەخەنەڕوو، کە هەژارەکان و نەداران یەکێکن لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەى کە کاریگەریان لەسەر ئەو لایەنە دەبێت لە کاتێکدا ئەوان کەمترین هەڵبژاردن لەبەردەمیان دایە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا.
    کاریگەرییەکانى مرڤایەتى و گۆڕانە جیهانییە ژینگەییەکان لە شوێنە جیاوازەکانى جیهاندا جیاوازە. زۆربوونى گازەکانى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن بۆ دوو ئەوەندە لەناو هەوادا، دەتوانێت کاریگەرییەکى گەورەى هەبێت لەسەر کۆمەڵێک لە دارە بەرهەمدارەکان، بەڵام لەوانەیە کاریگەرى بۆ سەر هەندێک شتى دیکە نەبێت، لەبەر ئەوە کاریگەرییەکەى تاڕادەیەکە، بەڵام بەهۆى پێشبینیەکانى زانستەوە، ئەو رەوەندە هەنووکەیەى کە هەیە بۆ گەرمبوونى گۆى زەوى دەبێتە هۆى فراوانبوونى بەرهەمى کشتوکاڵ لە ناوچەکانى باکوورى زەویدا واتە لەناوچەکانى روسیا و یابان و کەنەدا، ئەمە لەکاتیکدایە، کە ئەم کێشەیە دەبێتە هۆى زۆربوونى گەرماو کەمبوونەوەى ئاوو وشکەساڵى لە ناوچەکانى خوار باکوورى نیوە گۆى زەوى.

    هەژارى و ژینگە:
    نەبوونى حەزى مرۆڤ لە گۆڕانى بنەڕەتى لە وابەستەبوونى بە سەرچاوە تازەبووەکان جێگەى قبوڵ کردن نییە لە شێوە تازەکانى بەرهەمهیناندا،
    ئەمە بووەتە هۆى سەرهەڵدانى کێشە. ئەم کێشانە بەهۆى فراوانبوونى شوێن و سەرمایەى بەرهەمهێنان بەو شوێنانەى کە تاکو ئێستاش پێشکەوتن نەیگرتوونەتەوە بەشێوەیەکى پێویست بووەتە هۆى کوسپ. ئەم فراوانبوونە هۆکارى پەیدابوونى گۆڕانى بەرهەمەکانە.
    مادە کانزاییەکان هۆکارى سەرهەڵدانى نیگەرانى ژینگەین لەو ناوچەو شوێنانەى کە لێى دەردەهێنرێت.
    پەیوەندییەکى بەهێزو ئاڵۆز لە نێوان فراوانبوون و پێشکەوتنى ژینگەو هەژاریدا هەیە. راپۆرتى جیهانى لەبارەى پێشکەوتن لەساڵى(( 1992 ))بەم بەیانامەیە دەستیانپێکرد:(دەستکەوتى پێشکەوتنى فراوان و بەردەوام و باش و دادپەروەرانە، لە بەرامبەردا گەورەترین کێشەو گرفتە بۆ مرۆڤ).
    ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو رۆژگارێک رێژەى هەژاران لەجیهاندا بوونى هەیە نزیکەى(( 1.5)) ملیاردونیو لە جیهاندا دەژین، ئەمانە هەموو رووبەرووى ژینگەیەکى وێران دەبنەوە، لە هەندێک لایەندا خودى ئەو هەژارانە دەبنە بەشێکى گرنگى وێرانبوونى ژینگە!
    پیسبوونى هەوا تەنانەت لە وڵاتانى پێشکەوتووشدا لە پەرەسەندنى ئابوورى گرنگترە، وێرانبوونى گەنجینە کشتوکاڵى و جەنگەڵەکان و زەڵکاوەکان رۆژ بە رۆژ بەرەو وێرانى و قوڵاى لادێکان دەڕوات. نەمانى ئاو و ئاودێرى ئاوى پاک گرنگییەکى زۆری هەیە، ساڵانە دوو ملیۆن منداڵ بەهۆى کاریگەرى ئاوى پیسەوە تووشى دەیان نەخۆشى ترسناک دەبن و گیانى خۆیان لەدەست دەدەن.
    پەیوەندى دوولایەنەى هەژارى و پێشکەوتن پێکەوە هەردوو بۆ لەناوبردنى ژینگە وادەکات هەردوو پێکەوە خێرایی وێرانبوونى سەرچاوە سیستماتیکییە ژیانییەکان خێراتر بکەن. دەستکەوتنى زەوییە کشتوکالییەکان، سووتانى دارەکان، یان بەکارهێنانیان بۆ مەبەستى دیکە، لەوەڕاندنى زیاترى ئاژەڵەکان بۆ لەوەڕگاکان و بەشێوەیەکى نازانستى، بۆ هەموو مرۆڤەکان وەکو یەک نییە.
    زانایانى ژینگە ئەمڕۆ زۆر گرنگى بە رەهەندە سیاسییەکان دەدەن بۆ سوود وەرگرتن لە گەنجینەکانى سەرچاوە سروشتییەکان، زۆر لێکۆڵینەوە دەکەن لە نێوان پەیوەندییەکانى ژینگەدا زۆر گرنگى بە ئابوورى و کۆمەڵگە دەدەن لەسەر ئەم بنەمایە بەباوەڕى شارەزایانى ژینگەپارێزى:
    ( وێرانى زەوى دەتوانێت ببێتە هۆى لاوازبوونى پێشکەوتنى ئابوورى لە کاتێکدا نەبوونى دەستکەوتنى ئابوورى خۆى لەخۆیدا دەبێتە هۆى وێرانبوونى ژینگە بەشێوازێکى دیکە!) .
    هەژارى و وێرانى ژینگە، کە بەهۆى فراوانبوونى پێشکەوتنەوە هاتوونەتەدى، کە هەموو کاریگەریان هەیە لەسەر تاک و کۆمەڵ و جیهانێکى ترسناک و پڕ لە دوودڵى و وێرانى دەهێنێتە ئاراوە، بەشێوەیەک لەوجیهانەدا خەڵکى لادێ و خەڵکى شاریش پێوەدەبن.
    لەم حاڵەتەى ئێستادا بوونى پێشکەوتنى گەورەو بەردەوام بەشێوەیەکى فراوان لەناو چوارچێوەى سیاسەت و لە بوارى لێکۆڵینەوەدا لە ئاستى جیهاندا سوودى لێوەردەگیرێ.
    پێشکەوتنى هەمیشەیی یان مانەوە زۆر پێناسەى هەیە، بەڵام فراوانترین و باشترین پیناسە ئەو پیناسەیەیە، کە کۆمیسیۆنى(برانت لند )، کە بەناوى( ئایندەى هاوبەشى هەموومانەوەیە کردوویەتى)کە بریتییە لە: لەبەدەستهێنانى ئارەزووەکانى خۆمان بۆ فراوانخوازى و پێشکەوتنێک بەبێ زیانگەیاندن بە تواناکانى نەوەى نوێ و نەوەى ئایندە.
    ئەم پێناسەیە بۆ ئەو لایەن و کەسانەیە کە لەغەمى نەوەکانى بەیانین و لەغەمى دادپەروەرى و وێرانبوونى جیهانن بۆ سروشت و سەرچاوەکان و بۆ ئەو لایەن و کەسانەى کە لەغەمى نەمانى ئاژەڵە کێوى و زەوى و دارو درەختەکانن.
    پێشکەوتنى بەردەوام بۆ یەکەمجار لە رێگەى ستراتیژى پاراستنى جیهان و رێکخراوى(WCS)باسکرا، ئەم ستراتیژە لە رێَگەى(IUCN)بەچاودێرى و پارێزگارى دارایى نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقى پارێزگاریکردنى ئاژەڵە کێوییەکانى جیهانەوە پاریزگارى لێکرا، لەسەر بنەماى پێشکەوتنى بەردەوام، لەوە بەدواوە لە رێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێرى دەکرا.

    دەرئەنجام:
    ستراتیژى جیهانى و پارێزگاریکردن لە ژینگە سێ ئامانجى گرنگى هەیە لە پاریزگاریکردنى ژینگەدا:

    ئامانجى یەکەم:
    بەردەوامى رەوەندە بنەرەتییەکانى ژینگە، ئەو رەوەند و دەستکەوتانە بۆ بەرهەمهێنانى خواردەمەنییەکان، بۆ پاراستنى سەلامەتى و پاراستنى لایەنەکانى مانەوەى ترى ژیانى مرۆڤایەتییە. کە بۆمانەوەى پێشکەوتنى بەردەوام زۆر گرنگن.
    رژێمەکانى پارێزگایکردن بریتین: لە هەموو لایەنەکانى خاک و زەوى و کشتوکاڵ، جەنگەڵەکان و شوێنە زیندەوانییەکان، ژیانى ناوچە کیۆییەکان و سەرچاوەکانى ئاوى شیرین و ئاوى سوێر.
    هەڕەشەکانى ژینگەیش بریتین لە نەمانى بەپیتى و تواناى خاک، زۆربوونى ئافات و مێروولە و مەگەز لە بەرامبەر بەکارهێنانى مادە کیمیاوییەکان دژ بە ئافات، وێرانى جەنگەڵەکان و فراوانبوونى لافاوو پیسبوونى کەنارەکان و ئاوەکان.

    ئامانجى دووەم:
    بریتییە لە پاراستنى جۆراوجۆرى زیندەگانییەکان، واتە جۆراوجۆرى نەوەکان چ لە جۆراوجۆرى پۆلى گژوگیاکان بێت چ لە جۆراوجۆرى گیاندارە کێوى و ماڵییەکان بێت. ئەم جۆراوجۆرى سەرچاوانە بریتییە لە زۆرى و جۆراوجۆرى ژیان و بەهێزبوونى دابەشکردن چ وەکو(چارەسەرەکییەکان) چ وەکو( سەرمایەگوزارى ئابوورى ئایندە) بۆ نمونە(بەرهەمە گیاییەکان یان دەرمانییەکان).

    ئامانجى سێیەم:
    پێشکەوتنى بەردەوام جۆراوجۆرى شوێنە زیندەوانییەکانە بەتایبەتى لە جۆراوجۆرى گیاکان و گیاندارەکان، کە سەرچاوەى بەکارهێنانن.
    بەخێوگاکانى ماسى و سەرچاوە دارستانیەکان و لەوەرگاکان و سوود وەرگرتن لەئاوەکان، کە لەهەمان کاتدا هۆکارى مانەوەى زۆر گرنگە بۆ هاوسەنگى راگرتن لە نێوان ئێمە و نەوەکانى ئایندە.
    لە کاتێکدا هەژارى وکۆمەڵگەى ئابوورى دەتوانێت هەریکە لەو شتانەى کە باسمانکرد ببێتە هۆى تێکدان و لەناوچوونیان. لە کاتێکدا ئێمە تەنیا لە رێگەى پێشکەوتنى بەردەوام و رووبەرووبوونەوەى هەژارى و پێشکەوتنى ئابوورى دەتوانین رووبەڕووى هەژارى و نەدارى ببینەوە، بۆ ئەوەى بە هەموو لایەکەوە بتوانین رووبەڕووى ئەو وێرانە و کاولکاریانە ببینەوە، کە بەسەر ژینگە و دنیادا هاتووە هەر لەسەر ئەم بنەمایە پێشکەوتن و بەردەوامى هەیە.
    کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەى، کە بەهەموو شێوەیەک کەوتووەتە بەر مەترسى گەورەى ژینگەیى چ لە رووى لەناوچوونى سەرچاوە سروشتییەکان بەهەموو لایەنەکانیەوە چ لە رووى سەرچاوە مرۆییەکان ئەوانەى کە پەیوەستن بە مەسەلە ژینگەییەکانەوە، بۆیە دەبێت دەوڵەت بەرنامەى هەبێت بۆ رووبەرووبوونەوەى ئەو گرفتە جیهانییە، کە مەترسیەکەى زیاتر وڵات، دواکەوتووەکان دەگرێتەوە، کە کوردستان بەدەرنیە لەو وڵاتانە.

    سه‌رچاوه‌ : سایتی ژینگه



    سه‌رچاوه‌: http://geographymarivan.blogfa.com/post-49.aspx
    ده‌سته‌: وتاری جوگرافی | زیادیكرد: kawa (2010-03-22)
    بینین: 2743 | ریزبه‌ندی: 2.2/4
    كۆی وتاره‌كان: 0
    ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن لێدوان بده‌ن
    [ تۆماركردن | ژونه‌ژوور ]
    گه‌ڕان

    دۆستانی پێگه‌
  • هه‌لی كار


  • Copyright MyCorp © 2024